ڕێبەر ئەحمەد: هەرێمی کوردستان جێگای متمانەیە بۆ وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دڵنایی سەقامگیری ئاسایشی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان دا
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاندووە، ئێرە شوێنێکی جێی متمانەیە بۆ وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان، دڵخۆشین بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان دەتوانن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، چونکە ئێرە جێی متمانەیە بۆ ئەوان و ئاسایش و سەقامگیریی هەیە، دڵخۆشم بە بەشداریکردن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و هاوبەشیکردنی بەها هاوبەشەکان.
وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر بەردەوامی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و ئاماژەی بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێی بۆ دیپلۆماسیەت و بازرگانیی نێوان هەردوولا کردەوە و پەیامێکی ڕوونی نارد، کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی جێگای متمانە، سەقامگیر و ئارامە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.