کۆمپانیای سۆمۆ هۆکاری سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر عێراقدا ئاشکرا دەکات

بۆیەکەمجار بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای کرد کە سزا نەوتییەکانی ئەمریکا هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکەیان ناگرێتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ زانیاری نوێ دەربارەی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر عێراقدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "سزاکان پەیوەندی بە بەندەر و هەناردەکردنەوەی نەوت نییە".
ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە دەرچووە، پەیوەندی بە بەندەرەکان و هەناردەی نەوتی عێراقەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو کەسایەتییانەوە هەیە کە خاوەن کۆمپانیای تایبەت و گواستنەوەن، بۆیە ئەمانە پەیوەندییان بە کۆمپانیای سۆمۆوە نییە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئێمە پابەندین بە هەموو ڕێنمایی و بڕیارێکەوە بۆ پاراستنی سامانەکانی عێراق.
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، تۆڕێک لە کۆمپانیاکان کە لەلایەن سەلیم ئەحمەد سەعید بازرگانێکی عێراقییەوە بەڕێوەدەبرێت، لانیکەم لە ساڵی 2020ەوە بە بەهای ملیارەها دۆلار نەوتی ئێران دەکڕن تێکەڵاوی نەوتی عێراق دەکەن و دەیفرۆشن.