600 دۆنم پوش و پاوان و دارستان لە سیتەک سووتا

پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاگرکەوتنەوەی لە سنووری سیتەک ڕاگەیاند
لە سنووری سیتەک ئاگرێک کەوتەوە و 600 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی سووتا، پۆلیسی دارستانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنووری ناحیەی سیتەک لە گوندەکانی تەگەران و بازەگیر ئاگرێک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە 600 دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتاوە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، مەفرەزەیەک لە بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک بە هاوکاری و هەماهەنگی کارمەندانی پۆلیسی دارستانی شارباژێر و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی چوارتا و سیتەک و سلێمانی و هاوکاری خەڵکی گوندەکان توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە دیار نییە، بەڵام پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە بەردەوامە.