لە وەرزی پایز نزیک دەبینەوە

کاتی یەکەم باران بارین ئاشکرا دەکرێت
لە وەرزی پایز نزیک دەبینەوە و شارەزایەکی کەشناسی هەرێمی کوردستانیش گەیشتنی یەکەم شەپۆلی بارانبارین لە تەواوی کوردستان ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، شەپۆلێکی لاواز دروست بووە بۆ چەند ناوچەیەکی هەرێم بەتایبەتی ناوچە شاخاوەییەکان، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی 11 و 12ــی ئەم مانگە بارانبارین دەستپێبکات.
ناوبراو جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئەم هەفتەیە بە هەفتەیەکی تا ڕادەیەک گەرم دەبێت بەڵام لە ڕۆژی پێنجشەممە ئەگەری یەکەم شەپۆل لە دەریایی ناوەڕاستەوە ڕووبکاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی شاخاوەی هەولێر، دهۆک، سلێمانی هەندێک باران ببارێت.
سیروان ساڵح دەربارەی ڕێژەی بارانبارینەکە گووتی: "بارانێکی کەم دەبارێت و لەوانەیە 2 تا 3 ملیمەتر ڕێژەکەی بێت و ئەمەش بە یەکەم شەپۆلی بارانبارین دادەندرێت کە ڕووبکاتە ناوچەکە".
لە ڕۆژی 21ــی ئەم مانگە یەکەم ڕۆژی وەرزی پایز دەستپێدەکات و گۆڕانکاری کەشوهەوا بەسەر هەرێمی کوردستاندا دێت.