نەتەوەیەکگرتووەکان دووبارە کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەستپێدەکاتەوە

دوای هەڵپەسێردنی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی، ماوەی دەستپێکردنەوەی دیاریکرا
ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەست پێدەکاتەوە و ئەمریکا و ئیسرائیلیش دڵخۆش نین بەم بڕیارە.
ئەمڕۆ شەممە، پێگەی گڵۆبەڵ تایمز بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازێکی سعودییە، نەتەوەیەگرتووەکان کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین دەستپێدەکاتەوە.
ئامانجی کۆنفرانسەکە پشتیوانی لە یەکلاییکردنەوەی پرسی فەلەستین و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتییە، کە وا بڕیارە لە 22-9-2025، دووبارە دەست بە کارەکانی کۆنفرانسەکە بکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هاوینی ئەمساڵ، بەهۆی پەرەسەندنی تووندوتیژی و ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە، کارەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی هەڵپەسێردرابوون.
جێی باسە، دوای پەسەندکردنی بڕیاری زارەکی ئەو کۆنفڕانسە، ئیسرائیل و ئەمریکا بێبەری خۆیان لەو بڕیارە دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە دەستپێکردنەوەی کۆنفرانسەکە دەبێتە هۆی درێژەدان بە ململانێ لە غەززە و بەهێزکردنی بزوتنەوەی حەماس.