تا 120 ساڵی دیکەش نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین دەکەین

سوودانی یەدەگی بەرمیلی نەوتی عێراقی ئاشکرا کرد و بەردەوام دەبن لە زیادکردنی ئاستی وەبەرهێنانی نەوت
سوودانی جەختی لە بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت، زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پێشوازیکردن لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەمممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتارێكدا لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ وزە ڕایگەیاند، یەدەگی سەلمێندراوی نەوتی عێراق دەگاتە 150 ملیار بەرمیل، نەوتی عێراق لانی كەم بۆ ماوەی زیاتر لە 120 ساڵی تر بەردەوام دەبێت لە دابینكردن بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی پشكی هەناردەمان لەگەڵ قەبارەی یەدەگی نەوت و توانای وەبەرهێنان و ژمارەی دانیشتووانماندا نەگونجاوە.
سوودانی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، ئەوە لەبیر ناكەن كە رێكخراوی (ئۆپیك) ساڵی 1960دا لە بەغدا دامەزراوە و عێراق ئەندامێكی سەرەكییە تێیدا، وە پێشوازی لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن، کە خواستی وەبەرهێنانیان هەیە لە کەرتی وزەی عێراقدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوودانی ئامانجێكی ستراتیژی خۆیان ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە دەیانەوێت هەناردەی نەوتی عێراق بگۆڕن بۆ بەرهەمە نەوتییە بەها بەرزەكان، بەرێژەیەك كە تاوەكو 2030 كەمتر نەبێت لە 40%ـی تێكڕای بەرهەمهێنانیان، لەسەر ئەم بنەمایەش دەستیان بە پرۆژە نەوتییەكانیان كردووە.
سەبارەت بە غازیش، سوودانی گووتی: "رێژەی 70%ـی پرۆسەی دووبارە بەكارهێنانەوەی غازیان تێپەڕاندووە، تا دەگات بە راگرتنی تەواوەتی سوتانی غاز لەماوەی 2 ساڵدا، هاوکات كۆتایی بە سوتانی غازی هاوەڵ هێنراوە و بەتەواوەتی سوود لە 1300 ملیۆن پێ سێجا غاز وەردەگیرێت.