لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت عێراق دەبێت دەستبەجێ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم بکات

نەبیل مەرسوومی پێشبیی دەکات بەم نزیکانە عێراق بگاتە ئەوەڕی توانای هەناردەکردنی نەوت و دەبێت لەگەڵ هەرێم ڕێککەوێت
شارەزایەکی ئابووری داوا لە عێراق دەکات دەستبەجێ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوت بکات.
ئەمڕۆ شەممە، نەبیل مەرسوومی، شارەزای بواری ئابووری، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسی، بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئۆپێک، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی 8 گەیشتووەتە سێ ملیۆن و (458) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە سەرجەمی لە رێگەی دەریا و باشورەوە هەناردەی کراون، بەوەش عێراق نزیكبووەتەوە لەوپەڕی توانای هەناردەکردنی خۆی کە (3.5) ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.
ئەم شارەزای بواری ئابوورییە جەختیش دەکاتەوە، لەگەڵ پێشبینی زیادبوونی بەرهەمی نەوتی عێراق لە داهاتوودا، گرنگە هەر زوو کێشەی نەوتی نێوان عێراق و هەرێم چارەسەر بکرێت و لەگەڵ تورکیا بگەنە لێکتێگەیشتن بۆ دەستپێکردنەوەی پەمپکردنی نەوت لە بۆری جەیهانەوە، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت نەوتی هەرێم و کەرکووک هەناردە بکات.
سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتیش، نەبیل مەرسوومی گووتی، بڕەكەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا، ئەم ڕێژەیەش بەشدار دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو تەنگانە داراییانەی کە عێراق لە ئێستادا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.