وادەی چارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی لە سنووری ڕانیە ڕاگەیەندرا

کێشەی کەمئاوی ڕانییە چۆن چارەسەر دەبێت؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی سنووری ڕانیە بڕیارە گرنگەکەی دا و بڕی 40 ملیار دیناری تەرخانکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوى ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی 40 ملیار دیناردا، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئاوی خواردنەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان.
جەختی لەوەشکردەوە، پڕۆژەکان خۆیان دەبیننەوە لە پرۆژەی ستراتیژی، گرنگ، مامناوەند و بچووک، لە سەرجەم شار، شارۆچکە و گوندەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین.
دووپاتیکردەوە، زۆربەی پرۆژەکان ئەمساڵ دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشێکیشیان ساڵی داهاتوو.
وادەی کۆتایی هاتنی کێشەی کەمئاوی ئیدارەکە ڕادەگەیەنێت، لە ڕێگەی پرۆژەکانەوە بۆ چەند ساڵى داهاتوو کێشەى ئاوى خواردنەوە لە ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین کۆتایی دێت.
پێشووتریش، سەلام عومەر، بەرێوەبەری ئاوی ڕانیە دەربارەی کێشەی کەمئاوی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستی ئاوی قولە و ئاوی ژێر زەوی بەشێوەیەکی بەرچاوە دابەزیوە و وایکردووە، بەتانکەر هاووڵاتییان ئاو بکڕن.