تێکەڵاوبوونی ژن و پیاو لە یادی مەولوود جائیز نییە

سبەی ڕۆژی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت
سبەی ڕۆژی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت، لە هەرێمی کوردستانیش هەولێر بە پایتەختی مەولوود دادەندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام دەربارەی یادی مەولوود بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئێمە پێمان باشە یادێکی شایستە و دروست لەگەڵ پێگەو و گەورەیی پێغەمبەر ڕێکبخرێت.
باسی لەوەشکرد، ئێمەی کورد کە میلەتێکی موسوڵمانین نزیکەی 800 ساڵە یادی مەولوودی پێغەمبەر دەکەینەوە، شاری هەولێریش بە پایتەختی مەولوود لە جیهانی ئیسلامی دادەندرێت چونکە سەرمەشقی ئەم یادە.
بەگرینگییەوە ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەرمان جارێکی دیکە بە جێبەجێکردنی سونەتەکانی، گوێڕایەڵی فەرمانەکانی، پەیامەکانی بۆ مرۆڤ دۆستی، بڵاوکردنەوەی لێبوردەیی، ئازارنەدانی یەکتر و تەنانەت بە بابەتە نیشتیمانییەکانیش وەک ژینگە پارێزی، پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان بێتە بەرچاومان.
دەربارەی یادی مەولوود کە دروستە یاخود بیدعەیە جەختی لەوەکردەوە، بۆچوونی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا فەرمییە و پێشووتر ڕامانگەیاندووە، کە مەولود عورفێکی ڕەسەنی کوردەوارییە پێویستە ڕێزی لێبگیرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوە نیین یادی مەولوود بکرێتە ئامڕزاێک بۆ شکاندنی یەکتر و قبوڵنەکردنی یەکتر، بەڵکو ئەوەی باوەڕی پێیەتی دەتوانێت ئەنجامی بدات و ئەوەی کە یادی ناکاتەوە ئاساییە، بەڵام ناکەێت سۆشیال میدیا و میمبەر بەکاربهێنێت بۆ دژایەتی کردنی یادەکە.
دووپاتیکردەوە، بەداخەوە ژمارەیەک کەس باس لەوەدەکەن کە مەولوود حوكمي چیە؟ با ئەم بۆچوونە بۆ ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بەجێبهێڵن.
گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام دەربارەی ئەوەی ئایا دروستە پیاوان و ئافرەتان لە یادی مەولوود تێکەڵاوبن گووتی: " گرنگە لە یادی مەولود رەچاوی ئەدەب و پایەو پێگەی پێغەمبەرو سنوورو رێسای دینداری بکرێت بەشێوەی کلتوری ڕەسەنی کوردەوەری یادەکە بکرێتەوەو بەرز رابگیرێ، چونکە تێکەڵاوی ژن و پیاو لە یادی مەولوود جائیز نییە".