قاسم ئەعرەجی: ئێمە داوای دواخستنی دەنگدانمان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی کرد

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەسەر دواخستنی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی زانیاری نوێی خستەڕوو
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاشکرای دەکات، کە لە هیچ وڵاتێکی دۆست و نەیاریان قبووڵ ناکەن باسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدیان لەگەڵ بکات.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە ڕایگەیاند، قبووڵی ناکەین هیچ کەس و لایەنێک جا دۆستمان بێت یان نا، لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی قسەمان لەگەڵ بکات، چونکە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی نیشتیمانییە و قوربانی زۆری بەخشیووە.
قاسم ئەعرەجی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕاوێژکارییەتی ئاسایشی نەتەوەیی پێشنیازیان کرد پەسەندکردنی یاسای نوێی حەشد بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەوە بۆچوونی ئەوان بوو، چونکە حەشد دامەزراوەیەکی ئەمنی عێراقە و عێراقییەکان ڕێککەوتوون لەسەری، واتە دروستبوونی بڕیارێکی عێراقییە.
هاوکات ناوبراو ڕەتی کردەوە وردەکاریی و هۆکاری ئەم داواکارییە باس بکات، بەڵام یەکێک بێت بڵێت ئەوە دەبێت و ئەوە نابێت، ئەوان ئەوە قبووڵ ناکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەندین مانگە پەرلەمان دەیەوێت یاسایەکی نوێ بۆ حەشدی شەعبی دەربکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی و ناڕەزایی ئەمریکاوە، هەوڵەکە بێ ئەنجام بوو و بابەتەکە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان جێهێڵدرا، لە ئێستاشدا دامەزراوەی حەشدی شەعبی 238 هەزار چەکداری هەیە و ساڵانە لە بودجەی دەوڵەت 3.6 مليار دۆلار دەبات.