سزای زیندانی بەسەر شاسوار عەبدولواحید سەپێندرا

دادگەی سلێمانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێی بە زیندانیکردنی 5 مانگ سزا دا
لە سێیەمین دانیشتنی دادگەییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ، لە دادگای سلێمانی، دادوەری دادگەکە لەسەر کەیسی شادی نەوزاد سزای پێنج مانگ زیندانی بۆ تاوانبار دەرکرد.
ئەمڕۆ سێ شەممە، دانیشنی دادگەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو و دادوەر زیندانی 5 مانگی بەسەردا سەپاند.
شاسوار عەبدولواحید بە تۆمەتی هەڕەشەکردن، ناوزڕاندن، دانانی کامێرای نهێنی لە ماڵی شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ، سکاڵای خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند و خۆ دزینەوە لە باج، تۆمەتبار کرابوو.
دوو ڕۆژ لەمەوبەریش، وەزارەتی دارایی هەرێم دەست بەسەرداگرتنی 60 موڵکی شاسوار عەبدولواحیدی ڕاگەیاند، کە پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و کافتریا و کابینەی گەشتیاری و دواتر لە زیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لاند دەفرۆشنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 12-8-2025 شاسوار عەبدولواحید لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی لە شاری سلێمانی، لەسەر ئەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمار کرابوون، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کرا، بەپێی نووسراوێکی دادگا، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کرا.