تا 200 ساڵی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران لای شیعە دەمێنێتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەوڵ دەدرێت دووبارە نووری مالیکی پۆستی سەرۆکوەزیران بەدەستبێنێت
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا جەخت لە بەردەوامبوونی کەسایەتییە شیعە مەزهەبەکان لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکاتەوە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سۆمەریە نیوز، عەلی موسەوی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، بە هەموو توانای خۆیان هەوڵی گەڕانەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەدەن و بەو پێیەی هێشتا خەڵک پێی دەڵێن، "باوكى خێر و بەرەكەت" بەهۆی ئەو خزمەتەی لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتيدا پێشكەشی كردووە.
ئەم پەرلەمانتارە جەختیشی کردەوە، کە تا 200 ساڵی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران لای شیعە دەمێنێتەوە، وەک خۆی دەڵێت سەندنەوەی لێیان، "وەك خەونی شەیتانە بە بەهەشتەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر دۆخی ئێستای عێراق گووتی، ئەوەی ئێستا لە عێراق و ناوچەکە روودەدات، بەشێکە لە پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە.