ئاژەڵەکان کەرەنتین دەکرێن

هاتووچۆی ئاژەڵان لە 27 گوند قەدەغەکرا
بەهۆی بڵاوبوونەوەی مەترسی نەخۆشی تای خوێنبەربوون هاتووچۆی ئاژەڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک قەدەغەکرا، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ زانیاری گرنگ دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە د. فەرەیدوون حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئاژەڵ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڤێرتێرنەری دهۆك بەهۆی دروستبوونی گوومان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە نێو ئاژەڵەکان هەستاون بە گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی.
جەخت لە ڕێکارییەکان دەکاتەوە، کە سنووردارکردنی هاتووچۆی ئاژەڵ لە گوندێک بۆ گوندێکی دیکە یاخود لە شارێک بۆ شارێکی دیکە دەبێت، لەو شوێنانەی کە گوومان هەیە لە نەخۆشییەکە ئاژەڵەکان کەرەنتین دەکرێن، ئاژەڵەکان دەشۆرین، ڕشاندنی شوێنی مانەوەیان و دەرزیکردنیان بە دەرمانی تایبەت.
ناوبراو باس لەوەش دەکات، نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵدا نیشانەی نییە و بۆیە هەر کاتێک گوومان هەبوو ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر.
د. فەرەیدوون حەمەد ڕوونیکردەوە، ساڵانە دوو جار لە وەرزی بەهار و پایز هەڵمەت بۆ ئاژەڵەکان دەکرێت هەر کاتێکیش حاڵەتی لەناکاو ڕوویدا هەڵمەتی بۆ ئاژەڵەکان ڕادەگەیەندرێت.
شایەنی باسە، 27 گوندکە دەكەونە قەزای سێمێل لە ڕۆژئاوای دهۆك هاتووچۆی ئاژەڵ تاییدا قەدەغەکراوە.