کاتژمێر 12:00ـی شەو کێشەکانی کۆڕەک تێلیکۆم چارەسەر دەبن

کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم چارەسەر دەبن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێڵەکانی دیکە ئاسایی دەبنەوە
کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم چارەسەربوونی کێشەکان و توانای پەیوەندیکردنی هاوبەشانی بە هێڵەکانی دیکەوە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تێلیکۆم ڕایگەیاند، ئەمشەو لە دوای کاتژمێر 12:00ـەوە خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تێلیکۆم لە سەرانسەری عێراق بەردەست دەبن و کورتەنامەیەک بۆ سەرجەم هاوبەشانی کۆڕەک لە سەرانسەری عێراق دەنێردرێت.
بەمەش بەکارهێنەرانی کۆڕەک تێلیکۆم لەمەودوا دەتوانن پەیوەندی بە هێڵەکانی دیکەوە بکەن و لە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتیش سوودمەند بن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023، بە بیانووی کەڵەکەبوون و نەدانەوەی قەرزەکانی، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق چەند سزایەکی بەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمدا سەپاند، وەک ڕاگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان کۆمپانیاکە و هێڵەکانی دیکە بوو، هاوکات لە 18-2-2025، دەستەکە داوای لە وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق کرد دەستبەجێ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەسەر کۆمپانیاکە ببڕدرێت.