وەزارەتی دارایی هەرێم 120 ملیار دیناری ڕادەستی بەغدا کرد

داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی
وەزارەتی دارایی هەرێم بە شێوەی کاش داهاتی نێوخۆی بۆ بەغدا نارد.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
جێی باسە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت مووچەی مانگی 6ـی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ لەمەوبەر، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق بڕیار درا، مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، بەو مەرجەی حکومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نێوخۆ بنێرێت.