خاکی خۆمانە و چۆڵی ناکەین
شەڕی کورد و عەرەبە لەسەر خاک؛ “خاکی خۆمانە و چۆڵی ناکەین”
عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای عێراق تەنگی بە کورد هەڵچنیوە
ڕووداوەکانی شەناغە و سەرگەڕان و گوندەکانی دیکەی کەرکووکتان بیر ماوە؟ هێشتا قەتماغەی برینی داگیرکاری لەو ناوچانە وشک نەبوونەتەوە، کەچی سیناریۆیەکی دیکەی لەو چەشنە بەڕێوەیە، بەڵام ئەمجارە لە دووزخورماتوو و لەسەر دەستی عەرەبە هاوردەکانی قەزاکە.
ئەمڕۆ لە قەزای دووزخورماتوو، سوپای عێراق بە ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرباز و پلەدارەوە هەڵیانکوتایە سەر جووتیارە کوردەکانی گوندی تەپە سەوز، ویستی ئەوان داگیرکاریی زەوی و زارەکانیان بوو، زەوی و زارێک کە بە تاپۆ و مێژوو کورد کشتوکاڵی لەسەر کردووە و خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو زەوییانەن، بەڵام سوپای عێراق دەیەوێت داگیری بکات و ڕادەستی ئەو عەرەبانەی بکات کە لە قەزای دووزخورماتوو جێگیر کراون.
جووتیارانی گوندەکە بێدەنگ نەبوون، دەست لە ناو دەست و هەموویان پێکەوە ڕووبەڕووی سوپای عێراق بوونەوە، دەڵێن تاوەکو دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە زەوی و زارەکانمان دەکەین و ناهێڵین یەک پارچە زەویمان داگیر بکرێت، ئێرە زەوی و شوێنی کوردە، عەرەبی هاوردە بۆی نییە ببێتە خاوەنی زەوییەکانمان، مەگەر بەسەر تەرمەکانماندا بڕۆن، دەنا ڕێگە نادەین زەوییەکانمان داگیر بکەن.