عەباس عێراقچی: لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ڕاستەوخۆ ناکەین

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتی دەکاتەوە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا بکات
مشتومڕەکان لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت؛ بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ڕاستەوخۆ ناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ دانوستانێکی دادپەروەرانە و دوور لە گوشار.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە دانوستانێکی دادپەروەرانە لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە بکات، بەڵام ئامادە نییە دانوستاندنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت.
عەباس عێراقچی ڕاشیگەیاندووە، دانوستانەکانی ئێستای ئێران لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەردەوامن، ئێران ئامادەیە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەڵام مەرجی ئەوەیە ئەمریکا دڵنیایی بدات کە لە کاتی دانوستانەکاندا، وەک جاری پێشوو هێرشی سەربازی دووبارە نەبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران هەرگیز مێزی دانوستانی جێ نەهێشتووە و ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەک.