ئەو پیاوەی بەر لە سزادانی ڕەگەزی خۆی گۆڕی نێردرایە زیندانی ئافرەتان

لە ڕقی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو پیاوێک ڕەگەزی خۆی گۆڕێ بەس بۆ ئەوەی لەگەڵ ئافرەتان زیندانی بکرێت
کەیسێکی زیندانیکردنی پیاوێکی ڕەگەزگۆڕاو لە ئەڵمانیا کارەساتی لە وڵاتەکە ناوەتەوە.
پێگەی سەنی بەڕیتانی بڵاویکردەوە، پیاوێکی ئەڵمانی بە ناوی "مارڵە لیبک سڤێنیا" سەر بە گرووپی نازییە نوێیەکان (NEO-NAZI)ـی ڕاستڕەوە تووندڕەوکان، تەمەن 53 ساڵە و لە ڕابردوودا بەوە ناسرابوو کە ڕقی لە کەسانی ڕەگەز گۆڕاو و هاوڕەگەز خوازان دەبوویەوە و ئەوانی بە "مشەخۆر" ناو دەبرد، بەڵام دواتر خۆشی ڕەگەزی خۆی گۆڕی.
ناوبراو بە تۆمەتی هاندانی ڕق و کینە، سوکایەتی کردن، دەستدرێژی کردن و تاوانی جۆراوجۆر بەرامبەر ڕەگەزگۆڕاوان و هاوڕەگەزخوازان، سزای زیندانی 18 مانگی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام بەر لەوەی بخرێتە زیندان، داوای کردبوو لە دۆکیۆمێنتەکانی خۆی بە ڕەگەز گۆڕاو لە قەڵەم بدرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە نەسەلمێندراوە کە بەڕاستی ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە یان نا، بەڵام کە لە دادگە دەردەکەوت، مەکیاژی کربوو و جلوبەرگی ئافرەتانی دەپۆشی.
خەڵک لە بەرامبەر بڕیاری ناردنی "مارڵە لیبک سڤێنیا" بۆ زیندندانی ئافرەتان تووشی سەرسوڕمان هاتوون و دژی ئەم بڕیارە وەستاونەتەوە، چونکە پێیانوایە ناوبراو بە مەبەست ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە و مەترسی دەخاتە سەر زیندانیانی ئافرەت و ڕەگەزگۆڕاوەکانی دیکە، تەنانەت ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا گووتی، دەبێت یاساکانی زیندانەکان بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی پیاوێکی نیۆ نازی ڕەگەزگۆڕ نەخرێتە زیندانی ژنان.
جێێ باسە بەگوێرەی یاسای مافی چارەی خۆنووسینی ئەڵمانیا، کە لە ساڵی 2024 دەرچووە، هەموو کەسێک مافی گۆڕینی ڕەگەز و ناوی خۆیان هەیە بەبێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ پێوەرێکی پزیشکی، دەروونی یان نەشتەرگەری هەبێت.