پایتەخت

مووچەی زیندانیانی سیاسیی هاوتای عێراق دەکرێت

مووچەی زیندانیانی سیاسیی هاوتای عێراق دەکرێت
کورتە

لە بەرژەوەندی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان یاسایەک هەموارکرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و قوربانییان لە پەرلەمانی عێراق دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسای زیندانیانی سیاسی بە پایتەخت میدیای راگەیاند، ئەمڕۆ لە دانیشتنی ژمارە 6ـی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگماندا لەسەر هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی ژمارە 4ـی ساڵی 2006.

دەربارەی هۆکاری هەموارکردنەوەکە گووتی: "لە یاساکە تەواوی مافەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، لە یاساکەدا هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پابەندکراون بە جێبەجێکردنی ماددەکان".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم یاسایە بۆ ئەوە دەرچووە کە ماددەی 132ــی دەستوور جێبەجێبکرێت، ئەوەی کە دەمێنێتەوە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ ئەوەی مەلەفی زیندانیانی سیاسی یەکبخرێت.

دەربارەی پێشکەشکردنی داواکاری لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشکرای دەکات، نزیکەی ساڵێکە مەسرور بارزانی لەسەر خەتە و بەفەرمی نووسراوی ئاڕاستەی محەممەد شیاع سوودانی کردووە بۆ ئەوەی مافەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێم هاوتای عێراق بکرێت.

شوان کەلاری سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێم ڕوونیکردەوە، هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی ئەوانە و مووچە و ماوەی وەرگرتنەکە هاوتای عێراق دەکرێت، ئەو کەسانەش کە تائێستا نەیان توانیوە مووچەی زیندانی سیاسی وەربگرن بەم یاسایە وەریدەگرن.

لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، هاوشێوەی خانەنشینان لە داهاتوودا زیندانیانی سیاسی مووچەکانییان و ماوەی وەرگرتنی مووچەکانیان هاوتای زیندانیانی سیاسی عێراق دەکرێت.

شایەنی باسە، زیندانی سیاسی لە هەرێم مانگانە 500 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام زیندانییەکی سیاسی لە عێراق ملیۆنێک و 200 هەزار وەردەگرێت، لە هەرێم ماوەی 10 ساڵ بەردەوامە و لەعێراق ماوەی 25 ساڵ بەردەوامە.

26 ئاب 2025 21:02 12
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

دوایین هەواڵەکان

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025