دارا سێکانیانی: هیوادارم حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە ناردنی 120 ملیار دینارەکە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ــی دا
ماوەی دوو هەفتەیە بڕیار لە خەرجکردنی مووچە دەدرێت و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەربارەی ناردنی مووچە زانیاری دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەربارەی مەرجی ناردنی مووچە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە مووچەی مانگی 6ـی خەرج بکات، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار ڕەوانەی بەغدا بکات.
شایەنی باسە، دەربارەی بڕیاری ناردنی مووچە ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات، ئەوا عێراق ئەگەر پارەی هەبوو ڕاستەوخۆ مووچە تەمویل دەکات.
دەربارەی وادەی ناردنی مووچە گووتی: "ئەگەر هەردوولا مەبەستیان بێت ئەوا کاتێکی زۆری پێناچێت، ئەگەر هەرێم پەلە بکات و عێراقیش ڕێکارییەکان بگرێتە بەر".
دارا سێکانیانی دەربارەی بڕیاری خەرجکردنی مووچە لە ماوەی دوودانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران گووتی: "بڕیاری ناردنی مووچە لە سێشەممەی ڕابردوو شێوازێکی دیکە بوو، ئێستاش شێوازەکە گۆڕاوە و ئاسانکاری کراو".
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە بکات لە ناردنی 120 ملیار دینار، بۆ ئەوەی چیتر مووچەی مانگی 6ــی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوانەکەوێت.