دوا مەڵبەندی ڕۆشنبیری لە سلێمانی لە کوێ بدۆزینەوە؟
سلێمانی؛ لە شاری رۆشنبیرییەوە بۆ شاری تانک و تۆپ!
بێگومان هەر کەسێک یەک تۆز خۆشەویستی نیشتمان و وڵاتی لە دڵدا بێت، لەم ڕۆژانەدا خەمێک لە شارەکەی بابانیش دەخوات، نەک لەبەر شەڕی ئامۆزاکان، بەڵکو لەبەر مێژوو و ئایندەی هەڵمەت و قوربانی و ڕۆشنبیری و ئازادی.
لە کاتێکدا سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری دەناسرێتەوە و سەدان کەسایەتی و سیمای ناسراوی پێشکەش بە کوردستان کردووە، ئێستا و لە ژێر دەسەڵاتی کەسێکدا، خەریکە ئیتر ڕەنگی ڕۆشنبیری و ئازادیی خۆی لەدەست دەدات، سەرۆکێکی دەسەڵات قۆرغ کردوو وای لە شارەکە کردووە، کە جیا لە بێدەنگبوونی ڕەخنەگران، بەڵکو تەنانەت کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەوانێک و چالاکوانێکیش نەتوانێت کارەکانی خۆی بە ئازادی ئەنجام بدات.
باسەکە لەوانەیە لە ئیستادا لەسەر کەناڵی زووم کە سەر بە بەرەی گەلی لاهور شێخ جەنگی بوو زیاتر ڕەنگ بداتەوە، بەڵام کۆی گشتیی کێشەکە تەنیا لەسەر کەناڵی زووم نامینێتەوە و سەرجەم ئازادییەکانی ئەو شارە و دەوروبەریشی دەکاتە ئامانج، ئیتر ترسی لەناوچوونی ئازادیی ڕادەربڕین و گەشەی ڕۆشنبیری گەیشتووەتە لوتکە و بەهۆی حوکمڕانیی ئێستای دەسەڵاتی ئەو شارە و دامەزراوە سەربازییەکانییەوە، خەریکە ناوی ڕۆشنبیریش لەسەر شارەکە کاڵ دەبێتەوە، بۆیە ترسی ئەوە هەیە کە لە داهاتوودا ئەم پرسیارە زیاتر زەق ببێتەوە و بپرسین، دوا مەڵبەندی ڕۆشنبیری لە سلێمانی لە کوێ بدۆزینەوە؟