کارکردن لەسەر هێرشەکەی لالەزار قەدەغە کرا!
قەدەغە کرا؛ هێزەکانی یەکێتی رێگری لە میدیاکان دەکەن کار لەسەر هێرشەکەی لالەزار بکەن!
بە فەرمانی راستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی، میدیاکان چیتر بۆیان نییە لەسەر رووداوەکەی لالەزار کار بکەن و ئەمڕۆ رێگری لە چەندین میدیا کراوە
بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد و شاردنەوەی ڕاستییەکانی هێرشەکەی سەر لالەزار، هێزەکانی یەکێتی لە سلێمانی چاودێرییەکی چر میدیاکان دەکەن و هۆشداریان بە چەندین رۆژنامەنووس داوە، کە نابێت چیتر کار لەسەر رووداوەکانی لالەزار بکەن و تەواوی ئەو ڤیدیۆ، لێداوان و لایڤانەشیان پێ سڕیونەتەوە کە ئەنجامیان داوە.
هێزەکانی یەکێتی، دوای سێ رۆژ لە رووداوەکانی لالەزار، دەیانەوێت رێگری تەواوی لە گواستنەوە زانیارییەکان بکەن و یەکێک لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی ئەم ڕێگرییانە، شاردنەوەی چارەنووسی دەیان چەکداری هێزی دووپشکە، کە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نییە.
بە سنووردارکردنی کاری میدیاکان، یەکێتی دەیەوێت پرسیارەکان لەبارەی ژمارەی کوژراوان و چارەنووسی ونبووەکان کپ بکات و ڕێگە نەدات ڕای گشتی و کەسوکاری قوربانییەکان لە ڕاستییەکان ئاگادار بن، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
ئەم هەنگاوانەی یەکێتی تەنها پەیوەست نییە بە ڕووداوی لالەزارەوە، بەڵکو پەیامێکی ڕوونی ترس و تۆقاندنە بۆ تەواوی میدیای ئازاد لە سنووری دەسەڵاتیاندا. یەکێتی بەم کارە دەیسەلمێنێت کە هەر دەنگ و میدیایەک هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بدات، لە رێگەی هێزەکانییەوە ڕووبەڕووی فشار و لێپێچینەوەی توند دەبێتەوە، ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕینەش، بەشێکە لە سیاسەتی نوێی حزبەکەی کە هیچ حیسابێک بۆ خەڵک و یاسا ناکات.