کۆڵان و شەقامەکانی هەولێر نۆژەن دەکرێنەوە

هەڵمەتی نۆژەنکردنەوی شەقام و کۆڵانەکانی هەولێر دەستپێدەکات
بە بەکارهێنانی 407 تۆن قیر، هەڵمەتی نۆژەن کردنەوەی بەشێکی زۆر لە شەقام و کۆڵانەکانی هەولێر لەلایەن تیمەکانی شارەوانیی هەولێرەوە بەڕێوەدەچێت و هەڵمەتەکە هەنووکەش بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تیمەکانی شارەوانیی هەولێر و کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانی، هەڵمەتێکیان بۆ قیرتاوکردن، نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ژمارەیەک لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر دەستپێکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی وەکو گەڕەکی سێتاقان، شەقامی کۆیە لەنێوان شەقامی 30 مەتری و 60 مەتری، شەقامی 40 مەتری، دووسایدی نازناز لەنێوان شوقەکانی شەهیدان و شەقامی عەنکاوە، شەقامێکی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ، شەقامی 100 مەتری، گەڕەکی زانکۆ 99 و گەڕەکی کوردستان، لەگەڵ دەیان شوێنی دیکەی شارەکە نۆژەن دەکرێنەوە.