پایتەخت

ئیسرائیل 4 ڕۆژنامەنووسی دیکە لە غەززە کوشت

ئیسرائیل 4 ڕۆژنامەنووسی دیکە لە غەززە کوشت
کورتە

لە ماوەی تەنیا 15 ڕۆژدا ئیسرائیل 9 ڕۆژنامەنووسی کەناڵە جیهانییەکانی لە غەززە کوشت



هێرشێکی درۆنی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی غەززە کوژرانی 15 کەسی لێکەوتەوە، کە لە نێویاندا 4 ڕۆژنامەنووس هەیە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئۆفیسی حکومەتی غەززە، لە هێرشێکی درۆنی خۆکوژی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی نەسڕ لە خان یونسی باشووری کەرتی غەززە، هەر یەکە لە حوسام میسری کامێرامانی رۆیتەرز، محەممەد سەلامە کامێرامانی جەزیرە، مەریەم ئەبو دەقە کە لەگەڵ ئاژانسی ئیندیپێندنت و عەرەبیە و ئاسۆشیەتدپرێس کاری دەکرد، لەگەڵ مەعاز ئەبو تەها ڕۆژنامەوانی تۆڕی 'ئێن بی سی' ئەمریکی کوژران.

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەم 4 ڕۆژنامەنووسە، 11 کەسی دیکە کوژران، هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 تا وەکو ئێستا 244 ڕۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون.

ئەمە لە کاتێکدایە، 15 ڕۆژ لەمەوبەر، کەنالی جەزیرە ڕایگەیاند، 5 ڕۆژنامەنووسیان لە نزیک نەخۆشخانەی ئەل شیفا بە هێرشێکی ئیسرائیل کوژران، دوای هێرشەکەش، سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارەتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و ئەنەس ئەل شەرییفیان (یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان) بە تیرۆرست لەقەڵەم دا، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە ناوبراو فەرماندەی شانەیەکی حەماس بووە و "خۆی وەک ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ئەلجەزیرە نیشان داوە"، وە بەرپرسیار بووە لە هێرشی مووشەکی و بەڵگەنامەیان هەیە کە پەیوەندیی سەربازیی ناوبراو بە حەماسەوە دەسەلمێنێت.

25 ئاب 2025 14:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025