پایتەخت

لە ژێر خێمەکانی کەربەلا و بەغدا بازاڕی سیغە گەرمە

کورتە

زیارەتکارانی شیعە لە کەربەلا و بەغدا سیغە و هاوسەرگیری یەک کاتژمێری دەکەن

هاوسەرگیریی یەک کاتژمێری، سیغه و موتعە و مسیار، بازاڕی زیارەتکارانی کەربەلایان گەرمتر کردووە

( ئەمن هاوسەرگیریم لەگەڵ کردی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر) 

ئەمە دیمەنی یەکێک لەو هەزاران هاوسەرگیرییە ڕۆژانە و کاتژمێرییانەیە، کە لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێندا ئەنجام دەدرێت، هەر بەڕاست لە ژێر خێمەکانی ئەربەعین لە بەغدا و کەربەلا چی دەگوزەرێت؟ 

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە باوەڕدارانی مەزهەبی شیعە بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە سەردانی شارەکانی بەغدا، کەربەلا و نەجەف دەکەن، ئەوان بە ناوی زیارەتکردنەوە گەشتەکە دەکەن، بەڵام لە ژێر ناوی زیارەتدا کارە دزێو و قێزەونەکانی بەشێکیان پەردەپۆش دەکرێت، لەوانە؛ بەکرێدانی ئافرەتان و کچان، هاوسەرگیریی یەک ڕۆژە و تەنانەت سیغەی نیو کاتژمێری، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە جیا لە پەیڕەوانی شیعە، لە ئیستادا ئیتر خەڵکی دیکەش بەشداری بکەن و ئەم پرۆسەیەش بووەتە بازرگانییەکی گەورە. 

(- من دەمەوێت بۆ ئەربەعین بێم بۆ زیارەتکردن، ویستم تەلەفۆن بکەم و بپرسم، ئایا ئێوە لە خێمەکانتاندا ئافرەتتان هەیە بۆ ئەم ماوەیە؟ مەبەستم بۆ سیغه و موتعەیە! 
+ بەڵێ بەڵێ هەیە، هەموو جۆرێک هەیە، ئێرانییەکان زۆرتن و نرخیان هەرزانترە، بەڵام ئەگەر بتەوێ عێراقیش هەیە. 
- کچانی گچکەم دەوێت کە تەمەنیان کەم بێت، ئێرانی بن و تەمەنیان زۆر نەبێت. 
+ بەڵێ هەیە، عێراقی تەمەن 15 ساڵانمان هەیە، ئێرانیشمان هەیە تەمەنیان سەروو 20 ساڵانە بەڵام تۆزێک گرانترە)

ئاخوندەکان، ئەوانەی نووسینگەیان هەیە و تەنانەت بەشێکیشیان کە نووسینگەشیان نییە، بەناوی دین و مەزهەبی خۆیانەوە لەم ماوەیەی ساڵدا کچان و ئافرەتان بە پیاوان بەکرێ دەدەن، لەم نێوەشدا کچانی ئێرانی و عێراقی، کە کچانی ئێرانی خواستی زیاتریان لەسەرە، هەرچەندە ئەم کارە نەشیاوانە لە یاسای عێراقدا قەدەغەیە، بەڵام ئەوان بە پاساوی شەرعی و بە نهێنی کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، پارەیەکی خەیاڵی لەم ڕێگایەوە دەچێتە گیرفانیانەوە، هیچ کەسێکیش لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لێ ناکات و بەردەوامن لە کاری خۆیان. 

( - نرخەکانیان چەندە بۆ ماوەی کاتژمێرێک؟ 
+ پەیوەندیی بە جوانی و تەمەنیانەوە هەیە، کچانی عێراقی کە تەمەنیان کەم بێت لە کاتژمێرێک 150 دۆلارەوە دەستپێدەکات، ئێرانیش هەیە لە 50 دۆلارەوە ئەگەر تەمەنی خوار 20 ساڵ بێت، ئەوا تا 400 دۆلاریش تێچووی دەبێت. 

- ئێوە چەند کەستان لەلایە؟ زۆرن وایە؟ 

+ بەڵێ بەڵێ بێگومان زۆرن، لە ماوەی ئەربەعیندا کچی زۆرتری لێیە، خەڵک لەم ماوەیەدا ئیشیان پێیانە بۆیە لە هەموو شوێنێک هەمانە)

فەسادییەکە بە ناوی زیارەتەوە ئەوەندە دەنگی داوەتەوە و هێندە زۆر بووە، کە خودی خەڵکەکە دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بووەتەوە، لەگەڵ یەکتر بە شەڕ دێن و ڤیدیۆی ئەو کەسانە دەکەن، کە خەریکی ئەنجامدان یان بەکرێدانی ئافرەتان و کچانن، ترسیان ئەوەیە، نەخۆشی و بێ ئەخلاقی زیاتر لە کۆمەڵگەیاندا زیاتر بڵاو ببێتەوە، تاوەکو ئیستاش حکومەتی عێراق، بچووکترین بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لەم پرسە نەکردووە، بۆیە پێویستە ناوەند و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەرچی خێراتر بەدواداچوون بۆ ئەم کارە نەشیاوانە بکەن. 

(ئەم کچەت لە کوێ هێناوە؟

خۆشەویستمە بنەماڵەکەشی لێرەن، لە ئێرانەوە، بۆچی ڤیدیۆ دەکەیت؟ 

ڤیدیۆ دەکەم، سەیری ئەم بێ ئەخلاقییە ناکەیت؟ تۆ و ئەمە، خۆشەویستت؟ سەیری کە چی هێناوە! ئابڕووتان بڕوات، خێر نەبینن نە تۆ و نە ئەم کچەش، دەستت ئاشکرا بوو ڤیدیۆم کردوون، هەموو شوێنێکتان تێکداوە، نەفرەت لە خۆتان و باوکتان، عەسکەرییە و لە ناو خێمەکاندا خەریکی بێ ئەخلاقییە)

20 ئاب 2025 13:24 12
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

دوایین هەواڵەکان

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025