بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا برێارێكی نوێی لهبارهی دانهوهی قهرزی كارهبا بڵاو کردەوە و هۆشداریی دایە سەرجەم هاوبەشانی کارەبا.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، کە هاوبەشانی کارەبا لە کاتی دەرچوونی پسوولەی ژمارەییدا تەنیا 50 ڕۆژ دەرفەتیان لەبەردەمدایە بۆ دانەوەی پارەی کارەبا، بە پێچەوانەوە تەزووی کارەبایان دەپچڕێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەژمارکردنی ماوەی 50 ڕۆژەکە لە ڕێکەوتی دەرچوونی پسوولەکەیە لەسەر سەکۆی 'ئی پسوولە'، نەک لە کاتی گەیشتنی پسوولەی سەر کاغەز بە دەستی هاووڵاتی. لە ئەگەری بڕینی کارەباشدا بەهۆی نەدانی پارەوە، وادهی گەڕاندنەوەی تەنیا دوای بژاردن و دانەوەی تەواوی قەرزەکان لە پڕۆژەی ڕووناکی ئەنجام دەدرێت و گەڕاندنەوەکەش بە لایەنی کەمەوە 24 کاتژمێر یان زیاتر دەخایەنێت.
کارەبای سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات مانگانە لە ڕێگەی سەکۆی ئی پسوولەوە بەدواداچوون بۆ پسوولەکانیان بکەن و یەکەکانیان لە ماڵپەڕی ڕووناکی تۆمار بکەن، تا لە نوێترین پێزانین و زانیارییەکان بێبەش نەبن.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرەوژمارەییکردنی ڕاژەکاندا، کار بە پێڕەوی ژمارەیی پسوولە دەکات بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی داهات و کارئاسانی بۆ هاوبەشان.