لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل، ڕکابەرێکی سەرسەخت بۆ نەتەنیاهو دروست بووە، کە بەڵێنی داوە حەماس لەناوببات و بەهیچ شێوەیەک دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا نەنێت.
بەگوێرەی پلاتفۆرمی پێشبینیکردنی (Polymarket)، ڕاپرسییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل دەری دەخەن، ڕەنگە هاوپەیمانییەتییەکەی بنیامین تەنەتیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ حزبە تووندڕەو و ئاینییەکان (لیکود) دەنگی زۆرینە بەدەست نەهێنێت، چونکە سەرۆکی پێشووی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل بووەتە ڕکابەرێکی سەرسەخت و ئەگەری زۆرە ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە، کە وابڕیارە سبەی سێشەممە 27-10-2026 یەکلاببێتەوە.
گادی ئایزنکۆتی 66 ساڵان، سەرۆکی پێشووتری ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە 2015 بۆ 2019 بووە و سەرۆکی ئێستای حزبی ناوەندی 'یەشار'ـە. ناوبراو نەتەنیاهوی بە "گەندەڵی" و "شکستهێنان لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023" تۆمەتبار کردووە، هاوکات لە دوایین لێدوانیدا ئاماژەی بە پۆستێکی نەتەنیاهو لەسەر هەڕەشەکانی ئەتۆمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل داوە و دەڵێت: "نەتەنیاهو لە ھەڵبژاردنی گشتییدا، پشت بە تۆقاندن و درۆ دەبەستێت."
کوڕەکەی بە دەستی حەماس کوژراوە
لە مانگی 12ـی 2023 کوڕە بچوکی گادی ئایزنکۆت، لە کاتی ئەرکدا بۆ گەڕانەوەی دوو بارمتەی ئیسرائیلی ژێر دەستی حەماس، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک کوژرا. لەوکاتەوە ناوبراو بەڵێنی داوە ئەگەر ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس لەماوەی تەنیا 18 مانگدا بەتەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە.
باوەڕی بە گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نییە
سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، گادی ئایزنکۆت لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی گووتی: "هەڵەیە گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بکرێتە ئامانجی سەرەکی جەنگەکە، ئەوەی پێویستە بکرێت لەناوبردنی پڕۆگرامە ئەتۆمی، مووشکی و ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە ئێران پشتگیرییان دەکات."
باوەڕی بە دەوڵەتی فەڵەستینی نییە
سەرۆکی پێشووتری ئەرکانی سوپای ئیسرائیل باوەڕی بە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستینی نییە ( چارەسەری دوو دەوڵەتی)، ئاماژەی بەوە کردووە هەر کەسێک کە تا ئێستا باوەڕی بەم ڕێگەچارەیە هەیە "خۆشباوەڕە."
سەرەڕای ئەم قسانەی، ئایزنکۆت جەختی کردووەتەوە کە هەوڵ دەدات گۆڕانکاری گەورە لە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و بەرپرسانی فەڵەستین بکات. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تایمز ئۆف ئیسرائیل گوتی: "دەبێت دەسەڵاتدارانی فەڵەستین ڕابەرایەتی ئەو 2.8 ملیۆن فەڵەستینییەی کەرتی ڕۆژئاوا بکەن، من نامەوێت بەڕێوەیان ببەم."
لە کاتی ئەرکی سەربازیدا ئایزنکۆت بە "ڕێبازی دەهییە" ناسرابوو، کە بریتی بوو لە بەکارهێنانی هێزێکی زۆر سەربازی دژی ژێرخانە شارستانییەکان لەو ناوچانەی کە ئیسرائیل پێی وابوو لێیەوە هێرشی دەکرێتە سەر. جێگەی باسە سەرەڕای ڕەخنەکانی لە نەتەنیاهو، ئایزنکۆت هەرگیز ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە نەگرتووە، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 70 هەزار کەس و خاپووربوونی نزیکەی تەواوی ناوچەکە.
مەهدی حەسەن، ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری بەناوبانگی بەڕیتانی - ئەمریکی لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی نووسی: "هەرچەندە ئایزنکۆت نەتەنیاهو نییە، بەڵام ئەو هەمان یاسای ڕووخێنەر و داگیرکارانە لە کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە جێبەجێ دەکات.