پایتەخت

نه‌هه‌نگێك په‌لاماری ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌دات و ده‌یكوژێت

نه‌هه‌نگێك په‌لاماری ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌دات و ده‌یكوژێت
دیمەنی پەلاماردانی نەهەنگێکە لە دژی راهێنەرەکەی و نوقمی ئاوی دەکات و دەیکوژێت
کورتە

هه‌واڵی په‌لاماردانی نه‌هه‌نگێك بۆ سه‌ر ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی ڕاست نییه‌ و ژیری ده‌ستكرده‌

ئەم دیمەنە ماوەی چەند رۆژێکە سۆشیال میدیای پڕ کردووە، کە تێیدا شارەزاییەکی مەشقپێکەری ئاژەڵی دۆلفین و نەهەنگ بە ناوی "جێسیکا ڕادکلیف" کە ئەزموونی زیاتر لە 10 ساڵی هەیە، لە کاتی نمایشکردندا لەلایەن نەهەنگێکی خۆیەوە دەکوژرێت.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڵاوبووەتەوە کە نەهەنگەکە راهێنەرەکەی دەخوات و دیمەنی جیاواز بڵاوکراونەتەوە، پایتەخت میدیا بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کرد و ڕاستییەکانی ئاشکرا کرد.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە، جێسیکا ڕادکلیف هەر لە منداڵییەوە خولییای بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ هەبووە و لە تەمەنی 20 ساڵیدا، وەک یاریدەدەرێکی سەرەتایی لە باخچەیەکی ئاژەڵان کاری کردووە، لەوێ فێری خوێندنەوەی ئاژەڵ بووە و توانیوویەتی پەیوەندییەکی توند و تۆڵ لەگەڵ ئاژەڵان ببەستێت.

 

تەنیا دوای چەند ساڵیک کار کردن، پلەکەی جێسیکا بەرز کراوەتەوە بۆ مەشقپێکەری باڵا و توانیویەتی شارەزایی لە هەڵسوکەتی ئاژەڵان پەیدا بکات و پەیوەندی توند و تۆڵ لەگەڵ دۆلفیی سپی و ئۆرکاس، کە بە (نەهەنگی بکوژ) ناسراوە دروست بکات.

 

دواتر ڕۆژێک جێسیکا ڕادکلیف لە ئیڤێنتێکی نمایشی مەشقکردن و یاریکردن لەگەڵ ئاژەڵان بە ناوی "سی لاند سپلاش شۆ" بە یاری کردن لەگەڵ نەهەنگێکی بکوژ بەناوی "تایتن" بەشداری کرد و تێیدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو نەهەنگەکە جێسیکا ڕادکلیفی نووقمی ئاو دەکات، سەرەتا خەڵک وایان دەزانی ئەمە بەشێکە لە نمایشەکە، بەڵام دواتر ڕێکخەرانی ئیڤێنتەکە شڵەژان و دەستیان کرد بە هەڵدانی تۆڕ بۆ نێو ئاوەکە تا ڕزگاری بکەن، بەڵام دوای 30 خولەک لە هەوڵدان، جێسیکا ڕادکلیفیان بە مردوویی دەردەهێنرێت.

 

هەموو ئەوانەی لە پێشەوە باسکران، چیرۆكێكی خەیاڵییە و تەنها بۆ سەرنج راکێشانی خەڵک دروست کراوە، ئەگەرنا لە بنەڕەتدا هیچ مرۆڤێک بەم ناو و تایبەتمەندییانە نییە و جێسیکا کارەکتەرێکی خەیاڵی ژیری دەستکردە.

 

ڕۆژانە مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی زیرەکی دەستکرد ئاشکرا دەبێت و ئەم ڕووداوەش بەشێکە لەو لایەنە نێگەتیڤانەی کە زیرەکی دەستکرد، بەسەر کۆمەڵگەوە جێی دەهێڵێت و خەڵکی بەڕاست لە دیمەنەکان تێدەگەن.

10 ئاب 2025 15:28
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025