5 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سابیر کوردستانیـدا تێپەڕی

لە ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری کورد 'سابیر کوردستانی' کورتەیەک لەسەر ژیانی بخوێنەوە
5 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سابیر کوردستانیـدا تێپەڕی
ئەمڕۆ 10ـی ئابی 2025ـە، کا هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کورد، سابیر کوردستانی.
پێنج ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، هونەرمەندی ناوداری کورد، سابیر کوردستانی، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا و ماڵئاوایی لێ کردین.
سابیر محەممەد ئەحمەد ناسراو بە سابیر کوردستانی، لەدایکبووی ساڵی 1955 لە شاری کەرکووکە، ئەو هەر لە سەرەتای منداڵییەوە و بەهۆی هەڵەیەکی پزیشکییەوە بینایی چاوەکانی لەدەستدا، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە و لە ساڵی 1970 دەستی بە کارە هونەرییەکانی کرد و چەندین ئاواز و گۆرانیی کوردیی تۆمار کرد، سابیر کوردستانی لە چەندین گفتوگۆ و چاوپێکەوتندا ڕایگەیاندبوو، زۆربەی گۆرانییەکانی پشتیان بە ڕاستی بەستووە، بەتایبەت ئەو گۆرانییانەی کە خۆی شیعرەکەی نووسیون.
سابیر کوردستانی باوکی 3 کوڕ و کچێکە، وەک ئەوەی باس دەکرێت، بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەی ئیمام قاسم لە شاری کەرکووک گۆرانیی گوتووە، بەڵام دواتر لە ساڵی 1971 لە تەلەفزیۆنی کەرکووک بە فەرمی گۆرانیی تۆمار کردووە و ساڵێک دواتریش لە ئێزگەی دەنگی کوردیی بەغدا گۆرانیی دیکەی تۆمار کردووە، سابیر کوردستانی تەمەنێک خزمەتی بە گۆرانی و ئەدەبی کوردی کردووە و زۆرن ئەو کەسانەی ڕۆژانێک گوێگر و هۆگری دەنگی بوون.