4 هەزار پارچە زەوی لە گەڕەکەکانی داربەڕوولە و بەردەکەڕ دابەشکرا، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی دڵنیایی بە فەرمانبەران دەدات، کە لە داهاتوودا نرخی زەوییەکان بەرز دەبنەوە.

 

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی شارەوانی، تیروپشکی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی 4 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە ناوچەکانی داربەڕوولە و بەردەکەڕ بەڕێوەچوو.

 

ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی زەوی پێویست بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێو سەنتەری شاری سلێمانیدا، نەتوانراوە لە ناو شار زەوی بۆ فەرمانبەران تەرخان بکرێت.

 

گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەربارەی ئەو زەوییانەی دیاریکراون ڕوونی کردەوە، گەڕەکەکانی داربەڕوولە و بەردەکەڕ بەشێوەیەکی بەرچاو لە سەنتەری شارەوە دوور نین و دەکەونە نێو سنووری ماستەرپلانی شاری سلێمانییەوە.

 

ئەنجوومەن حسێن جەختی لەوە کردەوە، لە داهاتوودا ئەم ناوچانە هاوشێوەی گەڕەکەکانی ڕاپەڕین و بەکرەجۆ ئاوەدان دەبنەوە و گەشەی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن، بەجۆرێک کە دەبنە یەکێک لە گەڕەکە زۆر باشەکانی سلێمانی و نرخی زەویش تیایاندا بەرز دەبێتەوە، چونکە شارەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بە هەر چوار ئاڕاستەکەدا فراوانتر دەبێت.

 

گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، بە هیچ جۆرێک جیاکاری لە نێوان فەرمانبەراندا نەکراوە و لە قۆناغەکانی داهاتووش زەوی لە نێو سەنتەری شار دابەش ناکرێت.

 

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 134 هەزار و 300 پارچە زەوی لە سەرانسەری هەرێمدا دابەشکراون.