دوای ئەوەی گەنجێکی تەمەن 24 ساڵان بەهۆی هەڵەی پزیشکێکەوە بینایی لەدەستدا، وەزارەتی تەندروستی لەسەر سکاڵای نەخۆشەکە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر کراوە، داوا کراوە لەسەر سکاڵای هاووڵاتیی (ئەلەند سەلاح کەریم) لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پیشەیی پێکبهێنرێت.
لە نووسراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە بەپێی پەڕەوی ژمارە 16ی ساڵی 2022 و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتی بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ڕێکاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر و ئەنجامەکەی بە فەرمی ڕادەستی وەزارەت بکرێتەوە.
د. ڕەسووڵ لەتیف، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لێژنەکە چاوەڕوانی داواکاری گشتییە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی و بە زووترین کات دەست بەکار دەبێت، لێژنەکە جۆری کەمتەرخەمیی پزیشکەکە دیاری دەکات و پاشان بەپێی یاسا دادوەر جۆری سزاکە یەکلا دەکاتەوە، لە ڕووی پیشەییشەوە وەزارەتی تەندروستی ئاگادار دەکرێتەوە.
ئەڵەند سەڵاح، تەمەن 24 ساڵان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند:"پزیشکێکی عەرەب نەشتەرگەریی بۆ کردم و پاش سێ ڕۆژ ئاستی بینینی چاوم لەدەستدا و دووبارە نەشتەرگەریی بۆ کردمەوە."