بەراز ڕووناکی بۆ چاوی نابیناکان دەگەڕێنێتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە بەراز دەبێتە رزگارکەری مرۆڤ!
جیهانەکەت وردە وردە تاریک دەبێت، ڕەنگەکان نامۆ دەبن و سیمای ئازیزانت دەبنە تەمێکی لێڵ، ئەمە چیرۆکێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو چارەنووسی زیاتر لە ١٢ ملیۆن مرۆڤە لە جیهاندا کە بەهۆی نەخۆشییەکانی گلێنەی چاوەوە، لە چاوەڕوانی تاریکییەکی ئەبەدیدا دەژین، تاکە هیوایان، دەستکەوتنی گلێنەیەکی بەخشراو بوو، هیوایەک کە بۆ زۆربەیان هەرگیز نەدەهاتە دی.
لە گۆشەیەکی تاقیگەیەکی پێشکەوتووی سویددا، زانایان خەریکی نووسینەوەی کۆتاییەکی جیاواز بوون بۆ ئەم چیرۆکە تاڵە، ئەوان بە بێدەنگی شۆڕشێکیان بەرپا دەکرد، شۆرشێک کە بە چەک و تەقەمەنی نەدەکرا، بەڵکو بە کۆلاجینی وەرگیراو لە پێستی بەراز دەکرا، سەرچاوەیەک کە کەس بیری لێ نەدەکردەوە ببێتە کلیلی بینایی مرۆڤەکان.
پاش ساڵانێکی زۆر لە توێژینەوەی ورد، ئەو ڕۆژە هات کە ئەم داهێنانە چارەنووسی ٢٠ کەسی گۆڕی، هەریەکەیان چیرۆکێکی پڕ لە ئازاری لەدەستدانی بینایی هەبوو، ئەو نەخۆشانە خۆیان تەسلیمی دەستی پزیشکان و ئەو گلێنە بایۆ-ئەندازیارییە نوێیە کرد و دوای دوو ساڵ چاوەڕوانی، دوو ساڵ هیوا و ترس ئەنجامێکیان وەرگرتەوە کە لە خەون دەچوو.
هەر بیست نەخۆشەکە، بیناییان بۆ گەڕایەوە، فرمێسکی شایی لە چاوانیاندا دەدرەوشایەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنها تاریکییان تیادا بەدی دەکرا، چیرۆکە سەرسوڕهێنەرەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، سێ کەس لەو نەخۆشانە کە پێشتر لە تاریکییەکی ڕەهادا دەژیان و بە تەواوی نابینا بوون، ئێستا نەک هەر ڕووناکی دەبینن، بەڵکو دەتوانن بە ئاسایی وەک هەر مرۆڤێکی تر ببینن و بخوێننەوە، ئەو ڕووناکییەک بوو دوا شەوەزەنگێکی درێژ.
ئەم داهێنانە لەلایەن پڕۆفیسۆر نیڵ لۆگالی و تیمەکەیەوە لە زانکۆی لینشۆپینگ سەرپەرشتی دەکرا، تەنها چارەسەرێکی پزیشکی نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی ژیانە، گلێنە نوێیەکە دەتوانرێت بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵبگیرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە دەتوانرێت بە ئاسانی بگاتە دوورترین گوند و هەژارترین وڵات.
ئەمڕۆ، چیرۆکی ئەو بیست کەسە بووەتە پرشنگێکی هیوا بۆ ملیۆنان چاوی چاوەڕوان لە سەرانسەری جیهاندا، زانست جارێکی تر سەلماندی کە دەتوانێت تاریکترین شەویش بە ڕووناکییەکی بێ کۆتا تێکبشکێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕووناکییە لە سەرچاوەیەکی هێندە سادەی وەک پێستی بەرازیشەوە بێت، ئێستا جیهان چاوەڕێیە بزانێت ئەم داهێنانە ژیانی چەند کەسی تر دەگۆڕێت و چەند چیرۆکی تری پڕ لە هیوا دەنوسێتەوە.