لە ئەڵمانیا كۆڕبه‌ندى هونەری ON TOP دەکرێتەوە

کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی بە بەشداریی چەندین هونەرمەندی کورد لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شاری کرێفیڵێدی ئەڵمانیا كۆڕبه‌ندى هونەری ON TOP بە بەشداریی چەند هونەرمەندێکی کورد، لەسەر پرسی ژینگە بەڕێوەبچێت.
كۆڕبه‌ندى هونەری ON TOP سیمپۆزیۆمێکى نێوده‌وڵه‌تى شارى كرێفێڵدى ئه‌ڵمانیایه، کە کاری تاکەکەسیی هونەرمەندانی وێنەکێش و پەیکەرتاشی به ئەزموون لە ڕووی پیشەییەوە تێدا بەشداری ده‌كه‌ن، کۆڕبەندەکە جۆرێكه له کارکردنی هونەری تاكه‌كه‌سى و هونەرمەندان بە ئازادی لەسەر بابەتەکانی خۆیان، کە هەریەکەیان به‌شێواز و ماتریاڵ و ئایدیاى تایبه‌تى خۆیان چاڵاکی دەکەن.
هونەرمەندی کوردی شێوەکار حەمە هاشم یەکێکە لە بەشداربووانی کۆڕبەندەکە، کە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندووە، جگه له هونه‌رمه‌ندانى ئه‌ڵمانى, ڕووسى، ئینگلیز، فارس و عه‌ره‌ب، چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى كوردیش له بەشەکانی كوردستانەوە لەو کۆڕبەندەدا بەشداری دەکەن.
حەمە هاشم ئەوەشی ڕاگەیاندووە، سیمپۆزیۆمی هونەری ON TOP یەک هەفتە ده‌خایه‌نێت، له 15 تا 22 ـی ئابی 2025 له شارى كریفێڵدی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، کۆڕبەندەکە ئه‌زموون و کارگەیەکی هاوبەشی هونەرمەندانێكه كه ئایدیا، ستایڵ، کولتور و خوێندنی جیاوازیان هەیە، بیرۆكه‌ى بنەڕەتی سیمپۆزیۆمه‌كه‌ش پرۆسەی کارکردنی کراوە و کۆمەڵایەتییە، واتا هونه‌رمه‌نده‌كان له‌وێ تابلۆكانیان دروست ده‌كه‌ن و دواتر له پیشانگایه‌كى هاوبه‌شدا نمایشى ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش واتای ئەوەیە کە هەموو بەشداربووان ئیلهام له یه‌كترى وه‌رده‌گرن له ڕووى ته‌كنیك و ئاستی بیركردنه‌وه، هه‌روه‌ها پراکتیک و ئه‌زموونه گشتییه مرۆییه‌كانیش لەبەرچاو دەگرن.
ئەو هونەرمەندە کوردە باسی لەوەش کرد، نمایشه‌كه بە پێى ئاراسته‌ى گۆڕانکارییە جیهانییەکان، زاراوەی پاراستنی بۆ دانراوه، ئەمەش کۆمەڵێک پرسیار له‌خۆى كۆده‌كاته‌وه كه هونه‌رمه‌نده‌كان ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى پاراستنى ژینگه‌یی و ئه‌زموونه كۆمه‌ڵایه‌تییه مرۆڤدۆستانە‌كانه‌وه، له‌م سیمپۆزیۆمه‌دا پەیوەندی لەگەڵ سەردانکەران گرنگییەکی تایبەتی پێده‌درێت، ده‌رگاى كه‌مپه‌كه بۆ هه‌ركه‌س كراوه‌یه كه بییەوێت ئه‌زموونه‌كان ببینێت و بینه‌ر ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ماتریاڵ و ئایدیا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كان گفتوگۆبكات.
هونەرمەندانێک کە خۆیان بۆ کامپی هونەری ئامادە دەکەن و دەیانەوێت بچنە ناو گفتوگۆی هونەرییەوە، پێشتر هه‌ڵبژێردراون و بانگهێشت کراون بۆ به‌شداریكردنیان له‌و كۆربه‌نده، هەروەها دواى ته‌واو بوونى كاره‌كان پیشانگایەکی هاوبه‌ش ده‌كرێته‌وه بۆ به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان، کە لە ٢٢ى ئاب تا ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥ به‌رده‌وام ده‌بێت .