بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بۆ پایتەخت: ڕۆژانە سەرووی 400 لیتر ئاو دەدرێت بە هەر هاووڵاتییەک

ڕۆژانە سەرووی 400 لیتر ئاوی بەرهەمهێنراو پێشكەش بە هەر هاووڵاتییەک دەكرێت
وەزارەتی شارەوانی دەربارەی پێدانی ئاوی خواردنەوە بە هاووڵاتییان بابەتێکی بڵاوکردەوە و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمیش لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تێکڕای پێدانی ئاو خواردنەوە بە هاووڵاتییان بە پایتەخت میدیای راگەیاند، بەرهەمهێنانی ئاو لە ڕۆژانە لە نێوان 2 ملیۆن و 800 بۆ 2 ملیۆن و 900 مەترە، دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 6 ملیۆن کەسە هەر بۆیە پێدانی ئاو لە ڕۆژێکدا دەگاتە سەرووی ستانداردە جیهانییەکان لە کوردستان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوەش دەکات، بە تێكڕا ڕۆژانە سەرووی 400 لیتر ئاوی بەرهەمهێنراو پێشكەش بە هەر هاووڵاتییەک دەكرێت.
دەربارەی کیشەی کەمی ئاو لە چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان ئاری ئەحمەد قادر دووپاتی دەکاتەوە، بێگوومان کێشەی کەمی ئاومان لە هەندێک گەڕەکی هەولێر و سلێمانی و چەمچەماڵ و شوێنەکانی دیکەش هەیە، بەڵام لە چەند شوێنی دیکەش 24 کاتژمێر ئاوییان هەیە بە زیادەوە ئاوی پێویست دابین دەکرێت.
شایەنی باسە، ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای دەکات، بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەكان، ڕۆژانە هەر كەسێك بە تێكڕا پێویستی بە 250 لیتر ئاو هەیە، كەچی لە هەرێمی كوردستاندا، بە تێكڕا ڕۆژانە سەرووی 400 لیتر ئاوی بەرهەمهێنراو پێشكەش بە هەر تاكێك دەكرێت.