35 ساڵ بەسەر داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە تێدەپەڕێت

دوای 35 ساڵ له داگیركردنی كوێت لهلایهن عێراقهوه تائێستا كاریگهری ئهم جهنگه بهسهر ههر دوو وڵاتهوه ماوه
35 ساڵ پێش ئێستا سوپای عێراق بە فەرمانی سەدام حوسێن، هێرشی کردە سەر وڵاتی کوێت و داگیری کرد، جگە لە کوژرانی هەزاران کەس لە شەڕەکەدا، عێراق زیانی گەورەی ئابووری بەرکەوت و وڵاتانی جیهانیش دژی عێراق چەندین بڕیاریان دەکرد.
ساڵی 1990 بوو، تەنگژە سیاسییەکانی عێراق و کوێت پەرەیان سەندبوو، چەقی مشتومڕە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی هەردوو وڵات بوو پێکەوە، ئەوکات عێراق چەندین داوای ئاراستەی کوێت کردبوو، بەڵام کوێت داواکارییەکانی بەغدای ڕەت کردبووەوە، هەر ئەمەش وایکرد تاوەکو سەدام حوسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق فەرمانی هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە دەر بکات.
ڕێکەوتی 2ـی ئابی 1990، سەدام فەرمانی بە سوپا، گاردی کۆماری، هێزە تایبەت و هێرشبەرەکان کرد، کە هێرش بکەنە سەر وڵاتی کوێت، ئەو هێزانە کاتژمێر 2ـی شەو سنووری کوێتیان بەزاند و پایتەختی ئەو وڵاتەیان داگیر کرد، شەڕی کوێت و عێراق بە فەرمی دەستیپێکرد و هێزەکانی عێراق نزیکەی 7 مانگ لەو وڵاتەدا مانەوە و دەستیان کرد بە تاڵانکردنی سەرمایە و کاڵا بەنرخەکانی کوێت.
دوای چەندین مانگ شەڕ و ئاڵۆزی، جیا لەوەی دەیان هەزار کەسی سڤیل کوژران و ژمارەیەکی زۆری خەڵک بریندار بوون، زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی عێراقیان دەکرد بۆ ئەو هێرشەی کردییە سەر کوێت، گرنگتر لەمەش، بڕیارێکی ئهنجوومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی بوو، کە کاریگەریی تەواوی لەسەر عێراق و ئایندەی شەڕەکە دانا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی دژی عێراق دەرکرد، کە ناوی لێ نرابوو بڕیاری 660 و بەمەش بەستێنی خۆش کرد بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەش هەڵوێستی جدی دژی عێراق بگرنە بەر.
بڕیاری 660 تایبەت بوو بە داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە، کە تێیدا سهركۆنهی بڕیارەکەی سەدامی دەکرد، ئەنجوومەنەکە داوای لهعیراق كرد بهبێ هیچ مهرج و داوایەک، هێزەکانی لهو وڵاته بباتە دەرەوە، دوای ئەو بڕیارە ئهنجوومهنی ئاسایش 12 بڕیاری دیكەشی لهبارهی داگیركردنی كوێت دهركرد و سزایەکی ئابووری قورسیشی خستە سەر عێراق، بەلام هەوڵەکان بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی عێراق لە کوێت شکستی هێنا و دواتر هاوپهیمانییهكی نێودهوڵهتی به سهرۆكایهتی ئهمریكا پێكهێنرا، كە 37 وڵات تێیدا بەشدار بوون، دوایەش لە ئاسمان و زەوییەوە بە دوو قۆناغ هێرشی قورس کرایە سەر پێگە سەربازییەکانی عێراق لە کوێت.
هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر پێگەکانی عێراق لە کوێت لە دوو قۆناغدا بەڕێوەچوو، جاری یەکەم لە ڕۆژی 6ـی ئاب و دووەمجاریش لە 17ـی ئاب، کە بووە هۆی ناولێنانی جەنگەکە بە جەنگی دووەمی کەنداو، دواتریش لە ڕێکەوتی 24ـی شوباتی ساڵی 1991ـدا کوێت بە پشتیوانی هاوپەیمانان ڕزگار کرا و هێزەکانی عێراق پاشەکشەیان کرد.
لەو شەڕەدا زیاتر لە 70 هەزار سەربازی عێراق کوژران و زیاتر لە 100 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی 80 هەزار سەربازیش بەدیل گیران و کەرەستەیەکی زۆری سەربازیش لەناوچوون، لە بەرامبەریشدا کوێت زیانەکانی بەمشێوەیە خەمڵاندبوو، هەزار کوژراو، کە بەشێكی بەرچاویان سڤیل بوون، 600 کەس بێسەروشوێن بوون و 605 کەسیش بەدیل گیرابوون، هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەرەستەی جەنگی لەناوبرابوون.
شەڕی کوێت و عێراق جیا لە ماڵوێرانی و کاولکاری، زیانی نێودەوڵەتیشی بە سیمای سیاسی و دیپلۆماسیی عێراق گەیاند، تا ئەو ڕادەیەی تاوەکو ساڵانی ڕابردووش هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی پاسپۆرت و ئیجازەی سەفەری بۆ وڵاتی کوێت پێ نەدەدرا.