هەڵمەتی دەستگیرکردنی تیکتۆکچییەکان دەستیپێکردەوە

لە کوردستان هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خراپ بەکاردەهێنن دەستی پێکردەوە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا دووبارە هەڵمەتی دەستگیرکردنی تیکتۆکچییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستیپێکردەوە و تاوەکو ئێستا، سێ تیکتۆکچی دەستگیرکراون، پایتەخت میدیاش هۆکاری دەستگیرکردنیان ئاشکرا دەکات.
تاوەکو ئێستا هەر یەک لە رێباز مارکاوڵ، کەیفی زراری و حەمە جەرگە دەستگیرکراون، کە دوو تیکتۆکچییەکەی سەرەتا بە تۆمەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خراپی و حەمە جەرگە، بە هۆکاری دیکەی تایبەت دەستگیر کراوە.
پایتەخت میدیا لەسەر هەڵمەتی دەستگیرکردنی تیکتۆکچییەکان پەیوەندی بە مقەدەم ئەردەڵان فاتیح، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر کرد و ڕایگەیاند، ئەم هەڵمەتەی لە دژی تیکتۆکچییەکان دەستمان پێکردووە تازە نییە و هەر کەسێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خراپی بەکاربهێنێت، رێکارایی یاسایی لە دژ دەگیرێتەبەر و لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێت.
لەبارەی ئەوەی ئەو تیکتۆکچییانە لەسەر سکاڵای خەڵک یان بە تۆمەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کراون، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە پایتەخت میدیای گوت: ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ئازاری خەڵکیان داوە و بەهۆی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خراپی دەستگیرکراون.
لە بارەی بەردەوامی هەڵمەتەکە، مقەدەم ئەردەلان فاتیح بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هەر کەسێکیش سکاڵای لە دژی ئەو کەسانە هەیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خراپی بەکاردەهێنن، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و ئێمە باشتر رێکاری یاسایی لە دژ دەگرینەبەر.
لە سەرەتای ئەمساڵدا و بە دیاریکراوی لە سلێمانی، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک تیکتۆکچییان بە ناوەکانی جوعە، فەرمانی لەفە، مام لەتیف، شازادە چاوان، هیوا و چەندانی تر بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کرد و پەیج و ئەکاونتەکانیانی داخستن.