قۆناغی دووهمی 'ههڵمهتی بهرهبهیان' دهستپێدهكات
12 بەرپرسی باڵای عێراق پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت؛ زهیدی قۆناغی دووهمی 'ههڵمهتی بهرهیان' ڕادهگهیهنێت.
حکومەتی عێراق قۆناغی دووەمی هەڵمەتی 'بهرهبهیان' بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستپێدهكات، ئەم قۆناغە وەزارەتە هەستیارەکانی وەک تەندروستی، نەوت و کارەبا دەکاتە ئامانج.
ئەمڕۆ پێگەی ئەلمەسەلە بڵاوی کردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کۆتاییهێنان بە پاراستنی سیاسیی تۆمەتباران و دۆزینەوەی میکانیزمێکی ڕوون بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون.
بهپێی ئەلمەسەلە، پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوە کردووە، پشتگیرییەکانیان بۆ حکومەت بەردەوامە و ئامادەن بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هەر کەسێک کە دۆسیەی یاسایی لەسەر بێت، بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنگیریی حیزبی.
پێگهكه ئاشكرای كردووه، ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی زیاتر لە 400 بڕیاری دادوەرییە کە پێشتر بەهۆی دەستوەردانی سیاسییەوە ڕاگیرابوون. کە ئەگەر لایەنگری و هەڵبژاردن لە جووڵاندنی دۆسیەکاندا هەبێت، گەندەڵکاران جارێکی تر هەست بە پارێزراوی دەکەنەوە و گەندەڵی وەک سیستمێکی ڕێخراو دەمێنێتەوە.
بهپێی زانیارییهكان، ئەم هەڵمەتە تەنیا لەناو عێراقدا ناوەستێت، بەڵکو بەدواداچوون بۆ ئەو خانوبەرە و پارانەش دەکات کە لە لایەن تۆمەتبارانەوە گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، هاوکات بڕیارە پارێزبەندی لەسەر 12 کەسایەتیی باڵا هەڵبگیرێت کە دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە.