پەیامەکانی ئێران و ئەمریکا لە دوای وەستانی هێرشەکان
نوێترین پەیامەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ یەکتری لێرە بزانە.
لە دوای تەواوبوونی زنجیرە هێرشەکانی ئەمریکا، کە زیاتر لە 10 ڕۆژ بەردەوام بوو بۆ سەر ئێران، هەردوو وڵات کۆمەڵێک پەیامی تووندیان ئاراستەی یەکتری کرد.
دوێنێ لە ڕێکەوتی 24ی تەممووزی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئێران هێشتا لە گفتوگۆدان و ئێران بە شێوەیەکی جددی هەوڵدەدات، بەڵام تا ئێستا ئامادە نییە ڕێککەوتنی کۆتایی بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر هێرشەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەوا ئەمریکا سزایەکی سەربازیی گەورەتر دەسەپێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەردوو سەرۆکی وڵاتانی چین و ڕووسیا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە یارمەتیی پڕچەککردنی ئێران نادەن.
لەلایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، دوێنێ شەو 13یەمین شەوی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران تەواو کرد، ڕوونیشی کردەوە کە هێرشەکان بە چەکی ورد و پلاندانانی پێشوەختە ئەنجام دراون و ئامانجیان کەمکردنەوەی توانای سەربازیی ئێران بوو.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند، کێشەکە گواستنەوەی پەیام نییە، بەڵکو هەڵوێستی ئەمریکایە، ئەگەر هەڕەشە و فشارەکانی بەردەوام بن، ئەوا ئێران ئامادە نابێت گفتوگۆی کۆتایی دەستپێبکات و ئاگربەست بکات.
هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا گووتی: "بانگەشەکەی ترەمپ کە گوایە ئێران داوای ئاگربەستی کردووە، درۆ و بێبنەمایە". ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە بەرگریکردن لە خاکی وڵاتەکە و مەرجەکانی کۆتاییهاتنی شەڕ، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.