بەم هۆکارە فێنککەرەوە پێناکرێت
وەزارەتی گواستنەوە داوای بەستنی پەردە بۆ تاکسی و پاسەکان دەکات.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارنەکردنی فێنککەرەوە لە تاکسی و پاسەکاندا چڕتر دەکاتەوە، داوای مۆڵەتی بەستنی پەردە دەکات.
ئەمڕۆ دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، چەندین جار شۆفێرانی تاکسی و پاسەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە لە وەرزی هاویندا فێنککەرەوە بۆ سەرنشینان هەڵبکەن، بەڵام بیانووی شۆفێران ئەوەیە کە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر کاریگەریی فێنککەرەوەکان کەمدەکاتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە داوایان کردووە لە سێ مانگی هاویندا ڕێگە بە شۆفێران بدرێت پەردە بپۆشن بۆ ئەوەی فێنککەرەوەکان کاریگەریی باشتر دروست بکەن.
دیلان ڕەشاد ڕوونیکردەوە، بەهۆی ڕێگرییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە بەستنی پەردە، شۆفێران ناتوانن بەپێی پێویست فێنککەرەوە کار پێ بکەن، هەر بۆیە داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە ڕێگە بەم کارە بدرێت تاوەکو کێشەکە چارەسەر بێت.
هاووڵاتییان بەردەوام هێڵەکانی گواستنەوەی تاکسی و پاس بەکار دەهێنن، بەڵام لەم گەرمایەدا لە کوژاندنەوەی فێنککەرەوە نیگەرانن و داوا دەکەن لەپێناو ئاسوودەیییان فێنککەرەوەکان کار پێ بکەن.