ترەمپ: بەم زووانە بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییە نوێیەکەی ئێران دەکەین
ترەمپ لەسەر گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی ئێران بۆ ژێر قوڵایی چیایەکی دیکە هاتە دەنگ
هەواڵگری ئیسرائیل گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێرانی بۆ ژێر چیایەیەکی دیکە ئاشكرا کردووە، کە بۆمبی GBU-57ـی سەنگەرشکێنیش نایبڕێت، ترەمپیش هەڕەشەی بۆردوومانکردنی دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان: "پێتوایە ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی گواستووەتەوە تونێلەکانی ژێر چیای قوڵنگ"، گووتی: "لەوانەیە وایان کردبێت، بەڵام دڵنیا نین و تەنیا پێمان دەکرێت هەواڵی ساختە بخوێنینەوە، بەڵام لەوانەیە ئەمجارە ئەم هەواڵە ساختەیە ڕاست بێت."
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا هەڕشەی کرد و گووتی: "ئەوەی لێرەدا گرینگە هەبوونی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەیە نەک تەنها 'ئامێری سێنتەرفیوجی' هەڵگری یۆرانیۆمی پیتێندراو، ئێمە بەردەوام چاودێرییان دەکەین، بەڵام دڵنیام ماددەکەیان ( یۆرانیۆمی پیتێندراو) نییە، وە بەم زووانە بۆردوومانی ناوچەکە (چیای کلنگ) دەکەین، زۆر بە خراپی لێیان دەدەین و ئەوانیش ناتوانن هیچ شتێک لەمبارەیەوە بکەن."
قسەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە، دوێنێ ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و ئیسرائیلی ئاشكرای کرد، ئێران لە پایزی ڕابردوو هەزارەها 'ئامێری سێنتەرفیوجی' هەڵگری یۆرانیۆمی پیتێندراوی بۆ توونێلەکانی قوڵایی 'چیای قوڵنگ' لە پارێزگای ئەسفەهان گواستووەتەوە.
پێشووتر لە مانگی شەشی 2025، ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکەی B-2ـەوە، کە بۆمبی GBU-57ـی سەنگەرشکێنی هەڵگرتبوو، هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنزی ئێرانی بۆردوومان کرد، بەڵام بەگوێرەی پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ISIS، ئەو تونێلەی کە لە چیای قوڵنگ دروست کراوە، لە هیچ کام لەم بۆردوومانانەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
بۆمبی GBU-57، کێشی زیاتر لە 13.6 تۆنە و بەرلەوەی بتەقێتەوە، توانای هەیە 18 مەتر کۆنکریت ببڕێت و 61 مەتریش بچێتە قوڵایی زەوی، بەرزی چیای قوڵنگ نزیکەی دوو ئەوەندەی بەرزی ئەو شاخەیە کە پێگەی ئەتۆمی فۆردۆی لەسەر دروستکراوە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە بۆمبی GBU-57ـش ناتوانێت ئەم قووڵاییە ببڕێت.