بە فەرمانی سەرۆکوەزیران نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر دیاری کرا
نرخی جۆرەکانی بەنزین لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان یەک دەخەرێتەوە.
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ژمارەیەک بڕیاری نوێی بۆ ڕێکخستنی نرخ و کۆنترۆڵکردنی کوالێتی بەنزین لە سەرجەم بەنزینخانەکاندا دەرکرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەند بڕیارێکی تایبەت بە دیاریکردنی سەقف و نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر دەرچوون.
بەپێی بڕیارەکان، نرخی یەک لیتر بەنزینی حکومی لە جۆری نۆرماڵ بە 750 دینار دیاری کرا، هەروەها جەخت کرایەوە کە نرخی بەنزینی بازرگانی لە جۆری نۆرماڵ نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە، نرخی بەنزینی موحەسەن لە بەنزینخانەکاندا بە مەکسیمۆم 1000 دینار بۆ هەر لیترێک دیاری کراوە، هاوکات نرخی لیتڕێک بەنزینی سوپەریش نابێت لە 1200 دینار زیاتر بێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دووپاتی کردەوە، کە پێویستە کوالێتی هەموو جۆرەکانی بەنزین بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکانی وەزارەت بێت.