Banner
پایتەخت

نرخی مریشک بەرزبووەتەوە

نرخی مریشک بەرزبووەتەوە
کورتە

لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشکی زیندوو ئاشکرا دەکرێت

ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەسەر کاتیبوونی ئەم بەرزبوونەوەیە دەکەنەوە.

 

ئەمڕۆ نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی ناوچەکە لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە نرخی پێداویستییەکان زۆر گران بووە.

 

نازم عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک، غاز و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر گرانبوونی مریشکی زیندوو دروست کردووە.

 

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی جەختی کردەوە، بەرزبوونەوەکە کاتییە و هەفتەیەک بەم شێوەیە بەردەوام نابێت. 

 

بەپێی گوتەی نازم عەبدوڵڵا، لە نێو کێڵگەکاندا نرخی مریشک لە 3 هەزار بۆ 3 هەزار و 400 دینارە، بۆ جێگرکردنی نرخەکەش پێویستە بۆرسە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دابندرێت.

 

لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی کۆمەڵەکە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، ڕەچاوی خاوەن کێڵگە و هاووڵاتییان بکات تاوەکو هیچ لایەک زەرەر نەکات.

 

لەلایەکی دیکەوە، فیراس سەدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هۆکاری گرانبوونەکە ئەوەیە خاوەن کێڵگەکان خستنەڕوویان کەم کردووەتەوە، چونکە لە ماوەکانی ڕابردوودا خستنەڕوویان زۆر زیاتر کردبوو و زەرەرێکی زۆریان بەرکەوتبوو. 

 

فیراس سەدیق ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە کێڵگەکان بەهۆی گەرماوە ناتوانن بەپێی پێویست فێنککەرەوە دابنێن و دانانەوە ناکەن، بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە کاتی دەبێت و خاوەن کێڵگەکان خۆیان دەست بە دانانەوە دەکەنەوە و هیچ کاریگەرییەکیش لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی هێڵکە دانانیت.

 

هاوکات، شێروان عومەر، خاوەنی دوکانێکی مریشک فرۆشتن بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە بێ چاککردن بە 4 هەزار دینارە و بە چاککردنەوەش بە 4,500 دینارە.

21 تەمموز 2026 22:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026