نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان لە هەرزانیدا پێشەنگی چەندین وڵاتە
نرخی بەنزینی هەرێمی کوردستان لە هەرزانترین نرخەکانی جیهانە
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی پاڵپشتیی حکومەت بۆ هاوسەنگکردنی نرخی بەنزین، نرخەکەی لە هەرێمی کوردستاندا بەراورد بە وڵاتانی جیهان و دراوسێکان زۆر هەرزانترە.
لەگەڵ بەردەوامیی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزە لەسەر ئاستی جیهان، نرخی سووتەمەنی بووەتە یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی ڕۆژ، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان، یەک لیتر بەنزینی ئاسایی بە 850 دینارە، کە دەکاتە نزیکەی 0.65 دۆلار و مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، نرخی بەنزین لە بەشێکی زۆری وڵاتاندا بەراورد بە هەرێمی کوردستان، بەهۆی سەپاندنی باجی ژینگەیی و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە:
چین: بە گرانترین ناوچەی جیهان دادەنرێت و نرخی لیترێک بەنزین تێیدا دەگاتە زیاتر لە 5,000 دیناری عێراقی کە دەکاتە (3.80 دۆلار).
وڵاتانی ئەوروپا (ئەڵمانیا و فەرەنسا): نرخی لیترێک لە نێوان 2,750 بۆ 3,150 دیناردا کە دەکاتە 2.10 تا 2.40 دۆلار.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، نرخی لیترێک بەنزین لە نێوان 1,250 بۆ 1,500 دیناردا کە دەکاتە 0.95 تا 1.15 دۆلار دەسووڕێتەوە.
وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە:
لە تورکیا نرخی یەک لیتر دەگاتە دەوروبەری 1,700 بۆ 2,200 دینار کەدەکاتە (1.70 دۆلار).
لە ئوردن لە نێوان 1,750 بۆ 1,950 دیناردایە کە دەکاتە (1.50 دۆلار).
لە دوبەی (ئیمارات) نرخی لیترێک بەنزین لە دەوروبەری 1,100 بۆ 1,250 دیناردایە کە دەکاتە (0.95 دۆلار) ، ئەمەش بەهۆی ڕاگرتنی پاڵپشتیی حکومی بۆ سووتەمەنی.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی پاڵپشتیی دارایی لەلایەن حکوومەتەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگیی ناوخۆیی، وای کردووە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سووتەمەنی بە نرخێک بەدەست بهێنن کە بەراورد بە نرخە جیهانییەکان زۆر هەرزانترە.