سزای دارایی قورس دەدرێن
فێڵی بەنزینخانەکان ئاشکرا بوو، هەر بەنزینخانەیەک ئەم کارانە بکات سزای تووند دەدرێت
دوای کەوتنە باری جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران، بەشێک لە بەنزینخانەکان پابەندی نرخە نوێیەکە بوون، بەڵام بەشێکی دیکەیان لەسەر تابلۆی نرخەکانیان نووسیویانە بەنزینی نۆڕماڵ بەردەست نییە، یان بەنزینی جۆری نۆڕماڵیان بە ناوی محەسەن و سوپەرەوە بە هاووڵاتییان فرۆشتووە.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە پایتەخت میدیای راگەیاند، هەر بەنزینخانەیەک پابەندی بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی بەنزین نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە و ڕاستەوخۆ دادەخرێت.
لای خۆیەوە سالار محەممەد، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بە پشکنینی مەیدانی کردووە و هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی نۆڕماڵ بە ناوی محەسەن و سوپەرەوە بفرۆشێت، بە بڕی 4 بۆ 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
سالار محەممەد ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک لە بەنزینخانەکان تابلۆی نەبوونی بەنزینی نۆڕماڵیان هەڵواسیوە، بەڵام هەڵگرتنی ئەو بەنزینە لەلایەن خاوەن وێستگەکانەوە زیانی دارایی بەخۆیان دەگەیەنێت.
دوێنێ دووشەممە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕیار درا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵ لە بازاڕدا بۆ 850 دینار کەم بكرێتەوە.
دوای دەرکردنی ئەم فەرمانە، بەشێک لە هاووڵاتییان بە پایتەخت میدیایان ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی ئەوان دایە و سوپاسی پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران کرد.