چاوپۆشی لە هیچ بەنزینخانەیەک ناکرێت
هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی بە زیاتر لە 850 دینار بفرۆشێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هۆشداری دەداتە وێستگەکانی سوتەمەنی کە فرۆشتنی بەنزینی نۆڕماڵ بە زیاتر لە 850 دینار ڕێگەپێنەدراوە و سزای بەدوادادێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، بڕیار دراوە بڕی دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک زیاد بخرێتە بازاڕەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە، بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیش لە بەنزینخانەکاندا نابێت نرخەکەی لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هۆشداری دەداتە خاوەنی وێستگەکان، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی بە زیاتر لە 850 دینار بفرۆشێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و لێپێچینەوە دەبێتەوە.