موژدەی خۆش بۆ شۆفێران
لە پارێزگای هەولێر سبەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە
لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی حکومی بۆ 750 دینار و نۆڕماڵی بازرگانی بۆ 850 دینار دیاری کرا، پارێزگای هەولێریش جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لە تەواوی بەنزینخانەکاندا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دوای فەرمانی سەرۆکوەزیران بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان و کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیار درا لە سبەینێوە لە سەرجەم بەنزینخانەکاندا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی حکومی (پاڵپشتیکراو) بە 750 دینار و بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیش بە زیاتر لە 850 دینار نەفڕۆشرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، بە مەبەستی چاودێریکردنی نرخ و کۆالیتی بەنزین، لێژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە پارێزگای هەولێر هۆشداری دەدات، هەر بەنزینخانەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و داخستن دەبێتەوە.