Banner
پایتەخت

هاندەرانی ئیسپانیا وڵاتەکەیان هەژاند

هاندەرانی ئیسپانیا وڵاتەکەیان هەژاند
کورتە

بەهۆی ئاهەنگگێڕانی هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە وڵاتەکەی خۆیاندا، بوومەلەرزەیان دروست کرد

وێستگەکانی تۆمارکردنی بوومەلەرزە لە ئیسپانیا، کۆمەڵێک شەپۆلی بوومەلەرزەی ئاست نزمیان تۆمار کرد کە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 و بەهۆی ئاهەنگگێڕانی بەکۆمەڵی هاندەرانەوە دروست بوون.

 

ئەمڕۆ وێستگەکانی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئیسپانیا ڕایانگەیاند، ئامێرەکانی پێوانەکردنی بوومەلەرزە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کۆمەڵێک شەپۆلی بوومەلەرزەی ئاست نزمیان لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆتایی یاریی فیفای 2026دا تۆمار کرد.

 

وێستگەی جیوسایەنزی بارسێلۆنا ڕوونی کردەوە، ئامێرەکانی پێوانەکردنی بوومەلەرزە لە سێ کاتی جیاوازدا شەپۆلی بوومەلەرزەیان تۆمار کردووە؛ کاتەکان بەم شێوەیە بوون:

 

یەکەمیان لە کاتی تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوو لە دژی ئەرجەنتین، کە لە لایەن فێران تۆرێسەوە لە خولەکی 106دا تۆمار کرا.

 

دووەمیان لە کاتی هەژمارنەکردنی گۆڵی دووەمی ئیسپانیا لە لایەن ناوبژوانەکەوە لە کاتی دووبارە سەیرکردنەوەی ڤاردا تۆمار کرا.

 

سێیەمیان لە کاتی ئاهەنگگێڕانی جەماوەری ئیسپانیادا بوو بە بۆنەی بردنەوەی هەڵبژاردەکەیانەوە تۆمار کرا.

 

زانایان ڕوونیان کردەوە کە ئەم بوومەلەرزانە نموونەیەکن لە 'چالاکیی بوومەلەرزەیی دروستکراو لە لایەن مرۆڤەوە'، مرۆڤەکان هەستی پێ ناکەن و تەنها ئامێرەکانی پێوانەکردن تۆماری دەکەن، کە لەم حاڵەتەدا هۆکارەکەی هەزاران هاندەر بوون کە لە هەمان کاتدا هەڵپەڕین، هاواریان کرد و ئاهەنگیان گێڕا.

 

پێشتریش ئامێرەکانی پێوانەکردن لە کاتی بردنەوەی ئیسپانیا بەسەر ئینگلتەرا لە یاریی کۆتایی یۆرۆ 2024دا، بوومەلەرزەی هاوشێوەیان تۆمار کردبوو، کاتێک گۆڵەکانی نیکۆ ویلیامز و میکێل ئۆیارزابال بوونە هۆی دروستبوونی لەرینەوەیەک کە لە شارەکانی مەدرید و بارسێلۆنادا پێوانە کرا.

20 تەمموز 2026 19:26
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026