نووسینگەی NRT بەتەواوەتی چۆڵکرا
کێشەی یاسایی لەنێوان خاوەن خانووێک و نووسینگەی NRT لە هەولێر ڕووی دا.
لە سەر بنەمای بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر و دوای سکاڵای خاوەنی خانووەکە، هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی (NRT)یان چۆڵ کرد و ڕادەستی خاوەنەکەیان کردەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە ڕێککەوتی 16ـی 7ـی 2026 خاوەنی خانووی ژمارە 137866 لە گەڕەکی نازنازی شاری هەولێر، لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر سکاڵای یاسایی لەدژی نووسینگەی NRT تۆمار کردبوو، بەهۆی ئەوەی چەندین مانگە کرێی خانووەکەی پێنەدراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، دوای سکاڵاکە دادوەر بڕیاری چۆڵکردنی خانووەکەی داوە و ئەمڕۆش ڕێککەوتی 20ـی 7ـی 2026 بە ئامادەبوونی لێکۆڵەری دادی و بەڕێوەبەری نووسینگەی NRT، پۆلیسی هەولێر بڕیارەکەی جێبەجێ کرد و خانووەکەی ڕادەستی خاوەنەکەی کردەوە.
لە کۆتایی دا پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، تەواوی ڕێکارەکان لە چوارچێوەی یاسا و بەپێی فەرمانی فەرمی دادوەر بەڕێوە چوون.