بڕیارە مێژووییەکە دەکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە
سبەی سێشەممە بڕیاری هەرزانبوونی سووتەمەنی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان جێبەجێ دەکرێت
بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی نرخی بەنزینی بازرگانی لە جۆری نۆڕماڵ بۆ 850 دینار بۆ هەر لیترێک کەم کرایەوە و بڕیارەکەش لە ڕۆژی سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سبەی سێشەممە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەکەوێتە باری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی گوتەی لێپرسراوی لیژنەی پشکنین، تەنیا نرخی بەنزین هەرزان نابێت، بەڵکو نرخەکانی نەوت، گازوایل و غازیش هەرزان دەبن.
سالار محەممەد هۆشداری توندی دایە خاوەن بەنزینخانەکان ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان لە نزیکەوە چاودێری مەیدانی دەکەن و هەر وێستگەیەک پابەندی نرخە نوێیەکە نەبێت، ڕووبەڕووی داخستن و سزای دارایی تووند دەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لێپرسراوی لیژنەی پشکنین داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە هەبوونی هەر سەرپێچییەکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
نزیکەی دوو مانگە نرخی سووتەمەنی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بە جۆرێک بەنزین لە جۆری نۆرماڵ گەیشتە 1400 دینار.