بەرپرسێکی باڵای دیالە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کرا
دەستەی دەسپاکی بەرپرسێکی باڵای دیوانی پارێزگای دیالەی دەستگیر کرد.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵکاران و لە نوێترین چالاکیدا، بەرپرسێکی بەشی ژمێریاریی دیوانی پارێزگای دیالەی دەستگیر کرد کە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە زیانی گەورەی بە دارایی و بەرژەوەندیی گشتی گەیاندووە.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە پارێزگای دیالە، بەرپرسی هۆبەیەکیان لە دیوانی پارێزگاکە دەستگیر کردووە کە بەشێوەیەکی نایاسایی بەڵگەنامەی دەستەبەریی دارایی «خطاب الضمان»ی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکانی بەعقووبەی ڕادەستی بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار کردووە.
تۆمەتبارەکە بەبێ وەرگرتنی فەرمیی پڕۆژەکە و سەرباری هەبوونی کەموکوڕیی زۆر ئەم کارەی کردووە، بەبیانووی ئەوەی پێی وابووە پڕۆژەکە بەفەرمی و بەیەکجاری وەرگیراوە و پێویستی بەو بەڵگەنامەیە نەماوە؛ پڕۆژەکە کە بە گوژمەی 126,160,000 دینار لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیییەوە جێبەجێ کراوە.
شەقامەکە بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی خراپ دروست کراوە، چەندین کەموکوڕی و درزبردنی تێدا دەرکەوتووە، بۆیە دۆسیەی تۆمەتبارەکە ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە بەپێی یاساکانی ماددەی 341 لە یاسای سزادانی عێراقی.
دەستەی دەسپاکی عێراق بەردەوام لەڕێگەی تیمە مەیدانییەکانییەوە چاودێریی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکات بۆ ڕێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. دۆسیەی گەندەڵی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی کەرتی ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگاکانی عێراقدا.